10 April 2025
Announcements

ڕۆژی زانستی سیاسی عێراقى بانگهێشتی توێژەران دەكات

وابڕیارە ڕۆژی ٢٩ی ئاياری٢٠٢٥، ڕۆژی زانستی سیاسی عێراقی لە زانكۆی كوردستان هەولێر بەڕێوەبچێت، بۆ ئەومەبەستەش دەرگا لەبەردەم توێژەران‌ و خوێندكارانی خوێندنی باڵا لەهەر بوارێکی زانستە سیاسیەکان‌ و پەیوەنديیە نێودەوڵەتيیەکان‌ و فیکری سیاسی‌ و بوارەکانی تردا ئاوەڵایە، بۆئەوەی بەتوێژینەوەكانیان بەشداری بكەن.
ئەم ۆرکشۆپە کارێکی هاوبەشی کۆلێژ و بەشەکانی زانستە سیاسیەکان‌ و پەیوەندبیە نێودەوڵەتیيەکانە لە زانکۆ جیاوازەکانی عێراق، ئامانجی بەهێزکردنی ڕاگۆڕینەوەی خوێندکاران‌ و لێکۆڵەران‌ و مامۆستایانی زانکۆیە. شێوازی ۆرکشۆپەکە وایە کە ڕێگەدەدات بە خوێندکارانی بەکالۆریۆس‌ و ماستەر و دکتۆرا کە توێژینەوەکانیان بخەنەڕوو و لەگەڵ خوێندکارانی تر و مامۆستاکاندا گفتوگۆی لەسەر بکەن. خوێندکارانی زانکۆکانی دەرەوەی عێراقیش دەتوانن توێژینەوەکانیان پێشکەشبکەن بەمەرجێک دەربارەی عيراق‌ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت.
دەربارەی لێکۆڵەران‌ و خوێندکارانی ناو عێراق، دەتوانن لەهەر بوارێکی زانستە سیاسيیەکان‌ و پەیوەنديیە نێودەوڵەتيیەکان‌ و فیکری سیاسی‌ و بوارەکانی تردا پوختەکانیان بنێرن. ئەم بانگهێشتە خوێندکارە ئاستبەرزەکانی بەکالۆریۆس‌ و خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا دەگرێتەوە کە دەیانەوێت کارەکانیان لەگەڵ بازنەیەکی گەورەتری ئەکادیمیدا گفتوگۆ بکەن.
ۆرکشۆپەکە بە زمانی ئینگلیزی دەبێت، بەڵام وەرگێڕانی دەستبەجێیی ئامادەدەكرێت، بۆیە ئەگەر توێژەران بە زمانی دیكەش بەشداری بكەن، پێویستە لە پوختەی نێردراودا ئاماژەی پێبدەن. ئەو پوختەیەی دەینێرن دەبێت لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ وشەدا بێت، کورتەیەک لە گوزەری ئەکادیمی (سیڤی) لەگەڵدابێت کە لە ١٠٠ وشە تێپەڕنەکات. هەروەها بۆ ئەم ئیمەیڵە بنێردرێت ([email protected]).
جێی باسە، کۆتا وادەی پێشکەشکردنی پوختەکان ڕۆژی (٢٠\٤\٢٠٢٥)ە، لەهەمان ڕۆژدا لەلایەن لیژنەی زانستییەوە بڕیاریان لەسەر دەدرێت، چاوەڕواندەكرێت تاوەكو ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥ توێژینەوەكان ئامادە بكرێن، كە لە نێوان ٥٠٠٠ بۆ ٦٠٠٠ وشەدابێت و دواتریش لە ۆرکشۆپەکەدا، لە ٢٩ى ئایاری ٢٠٢٥، لە ماوەی ١٥ خولەکدا پێشکەشیبکەن‌ و ١٥ خولەکیش دەدرێت بە پرسیار و وەڵام.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی زانكۆی كوردستان/ هەولێر، هەر کەسێک بیەوێت دەکرێت لەبری توێژینەوە، بە پۆستەرێک بەشداری بکات بەو مەرجەی پوختەیەک بنوسێت لەسەر پۆستەرەکە و ئاماژە بەوە بکات کە بە پۆستەر بەشداری دەکات. ئاماژە بەوەشكراوە، كە توێژینەوەکانی ئەم ۆرکشۆپە ڕاستەوخۆ بڵاونابنەوە، بەڵام دەکرێت کە لەگەڵ هەندێک لە گۆڤارە ئەکادیمیەکاندا قسەبکرێت تا بەشێک لە توێژینەوەکان کە بەتایبەت هەڵبژێردراون بڵاوبکرێنەوە یاخود دەکرێت لە ژمارەیەکی تایبەتی گۆڤارێکی زانستیی تایبەتدا بڵاوبکرێنەوە.
لیژنەی زانستیی پێکدێت لە: (پرۆفیسۆر د.مارتن بێک) لە زانکۆی کوردستان\هەولێر، (د.ئێلازێبێث بیشۆپ) ڕاگری کۆلێژی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتیەکان، زانکۆی ئەمریکی لە بەغدا، (پ.ی.د.هیشام عیزەدین) لە زانکۆی بەغدا، (پ.ی.د.موصلیح ئێروانیی) لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق-بەغدا، (د.جەلال حەسەن مصطفی) ڕاگری کۆلێژی زانستە ڕامیارییەکان/ زانکۆی سلێمانی، (د.بێستون عومەر نوری) مامۆستاى زانکۆی سەلاحەدین، (د.محمد صالح) سەرۆکی بەشی دیبلۆماسیەت و پەیوەنديیە نێودەوڵەتیەکان، زانکۆی تیشک، (مامۆستا محمد شریف ئیبراهیمی) سەرۆکی بەشی دیبلۆماسیەت و پەیوەنديیە نێودەوڵەتیيەکان، زانکۆی کاسۆلیک/هەولێر، (پ.ی.د. تۆماس شمیدنگە) لە زانکۆی کوردستان-هەولێر، (پرۆفیسۆر د.هالە یوسف) لە زانکۆی بەغدا.97fc83f2 5b25 4106 9d6e 077bb11af9c5

Share It on

chevron-down